بە رەسمی؛ کوژرانی سەیفولئیسلام قەزافی لە لایەن خێزانەکەیەوە پشتڕاست کرایەوە
راهۆز
٣ی شوباتی ٢٠٢٦
سەرۆکی تیمی سیاسیی سەیفولئیسلام قەزافی و سەرچاوەکانی نزیک لە بنەماڵەکەی، بە شێوەیەکی رەسمی کوژرانی ناوبراویان لە نزیک شاری زەنتان راگەیاند.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەی قەزافی، پیلانی کوشتنەکەی لە لایەن 4 چەکدارەوە ئەنجامدراوە. چەکدارەکان سەرەتا کامێراکانی چاودێرییان لە شوێنی نیشتەجێبوونی سەیفولئیسلام پەکخستووە و دواتر هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگاکەی.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە سەیفولئیسلام قەزافی پێش کوژرانی، روبەڕووی چەکدارەکان بووەتەوە و پێکدادان لە نێوانیاندا دروست بووە، بەڵام دواجار لە سەعات 02:30ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەناو باخچەی ماڵەکەیدا کوژراوە.
دوای ئەنجامدانی تاوانەکە و پێکانی سەیفولئیسلام، چەکدارەکان بە خێرایی لە شوێنی روداوەکە هەڵاتوون. لە ئێستادا تیمی سیاسی و بنەماڵەکەی خەریکی رێکارەکانن بۆ گواستنەوەی تەرمەکەی.
ئەم روداوە لە کاتێکدایە کە لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە پێکدادانی چەکداری لە ناوچەکەدا بەردەوام بووە، سەیفولئیسلام قەزافی کە کوڕی مەعمەر قەزافی بوو، لە دوای روداوەکانی ساڵی 2011ـەوە یەکێک بوو لە کارەکتەرە مشتومڕاوییەکانی لیبیا و چەندین جار هەوڵی گەڕانەوەی بۆ ناو کێبڕکێی سیاسیی وڵاتەکە دەدا.



