هەواڵی دژبەیەک لەبارەی کوژرانی سەیفولئیسلام قەزافی بڵاودەکرێتەوە
دیلان
٣ی شوباتی ٢٠٢٦
میدیاکانی لیبیا هەواڵی کوژرانی سەیفولئیسلام قەزافی، کوڕی مەعمەر قەزافی، سەرۆکی کۆچکردووی لیبیایان لە ئەنجامی پێکدادانێکی چەکداری لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ، میدیاکانی لیبیا ئاماژەیان بەوە کرد کە سەیفولئیسلام قەزافی لە ناوچەی زەنتان لە رۆژئاوای لیبیا کوژراوە. هەواڵەکان لەبارەی روداوەکەوە دژبەیەک و ناڕوونن؛ بەشێک لە میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردووەتەوە کە ناوبراو لە بارودۆخێکی تەمومژاویدا لە باشوری شاری زەنتان و لە کاتی روبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزێکی چەکداری سەر بە لیوای 444ـی شەڕکەر لە نزیک کێڵگەی "ئەل حەمادە" کوژراوە.
لە بەرامبەردا، ئەو میدیایانەی سەر بە رژێمی پێشووی لیبیان، هەواڵی کوژرانی سەیفولئیسلامیان رەتکردەوە. ئەو سەرچاوانە جەختیان لەوە کردەوە کە ناوبراو لە هەوڵێکی تیرۆرکردن لە نزیک کێڵگەی ئەل حەمادە رزگاری بووە و تەنیا بریندارە.
تاوەکو ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی رەسمی لە لیبیاوە زانیاریی تەواوی لەبارەی چارەنووسی سەیفولئیسلام قەزافی بڵاونەکردووەتەوە و دۆخەکە بە ناڕوونی ماوەتەوە. سەیفولئیسلام کە یەکێک بوو لە دیارترین کوڕەکانی مەعمەر قەزافی، لە دوای رووخانی رژێمی باوکییەوە چەندین جار دەنگۆی جیاواز لەبارەی دەستگیرکردن و کوژرانی بڵاوکراوەتەوە.



