گۆتێرێس: لە دوای رێککەوتنی ئاگربەستەوە زیاتر لە 500 فەلەستینی کوژراون
راهۆز
٣ی شوباتی ٢٠٢٦
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت و هۆشداریش دەدات لە زیادبوونی ژمارەی قوربانییان.
گۆتێرێس لە پەیامێکدا رایگەیاند، لە دوای رێککەوتنی ئاگربەستی مانگی تشرینی یەکەمەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 هاووڵاتیی فەلەستینی لە کەرتی غەززە کوژراون. سکرتێری گشتی داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە رێککەوتنەکە بە تەواوەتی جێبەجێ بکەن و پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس داوای کرد رێگە بدرێت هاوکارییە مرۆییەکان بەبێ هیچ بەربەستێک و بە شێوەیەکی فراوان بگەیەنرێنە ناو غەززە، تاوەکو یارمەتیی دانیشتوانی ناوچەکە بدرێت.
گۆتێرێس دووپاتی کردەوە کە ئەوان هەرگیز دەستبەرداری هەوڵەکانیان نابن بۆ باشترکردنی ژیان بۆ هەمووان لە هەموو شوێنێکی جیهاندا.



