ئیلهام ئەحمەد: دان بە مافەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەردا دەنرێت
محەمەد رزگار
٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
ئیلهام ئەحمەد دەڵێت: چوینەتە قۆناغێکی نوێی رێککەوتن و دان بە مافەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەردا دەنرێت.
ئیلهام ئەحمەد لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، هێزە سەربازییەکانی ناوچەکە دەگەڕێنەوە بۆ سەر فەوجی شەدادی کە سەر بە سوپای سوریایە، دەشڵێت؛ هەموو ئەوانەی دامەزراوەکان بەڕێوەدەبەن دەبێت خەڵکی ناوچەکە بن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەک بۆ دەستور پێکدەهێنرێت و تا ئێستاش گفتوگۆکان بەردەوامن.
ئیلهام ئەحمەد، چەند زانیارییەکی گرنگ لەبارەی نوێترین پێشهاتەکانی رێککەوتن و رەوشێ رۆژئاوای کوردستان و باکوری سووریا ئاشکرا دەکات بەپێی لێدوانەکەی لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر ، گۆڕانکاریی ریشەیی لە پرسی پەروەردەیی، سەربازی و کارگێڕییەکاندا لە ئارادایە.
پرسی خوێندن و بڕوانامەکان:
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا مەرسوومێکی رەسمی دەربچێت بۆ دانپێدانانی حکومی بە بڕوانامەکانی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر، هاوکات گفتوگۆیەکی جدی هەیە بۆ ئەوەی خوێندن بە زمانی کوردی بخوێندرێت.
رەوشی سەربازی و ئەمنی:
لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر دەڵێت؛ هێزە سەربازییەکانی ناوچەکە دەگەڕێنەوە بۆ سەر فەوجی شەدادی کە سەر بە سوپای سوریایە، هەروەها جەختکراوەتەوە کە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان تەنها لەلایەن هاووڵاتیانی ناوچەکەوە دەبێت.
کایەی مەدەنی و دەستور:
ئیلهام ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، شاری حەسەکە دەبێتە ناوەندی دامەزراوە مەدەنییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە لایەکی ترەوە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت بە دەستور بەردەوامن و گفتوگۆکان گەیشتوونەتە قۆناغی گرنگ.
پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان:
ئیلهام ئەحمەد راشیگەیاند، بۆ گەیشتن بەم تێگەیشتنانە هەماهەنگییەکی بەردەوام لەگەڵ لایەنە دۆستەکان و هێزە کوردستانییەکان هەبووە، دووپاتیشی کردەوە کە پێویستە دانوستانەکان بەردەوام بێت بۆ بەدەستهێنانی بڕیارێکی سیاسی لە کۆنگرێسی ئەمریکاوە.
گەڕانەوەی ئاوارەکان:
"یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان، زیاکردن و قوڵکردنەوەی هەوڵەکانە بۆ گەڕانەوەی ئارام و شکۆمەندانەی دانیشتووانی (عەفرین، سەرێ کانی، شەهبا و شێخ مەقسود) بۆ سەر ماڵ وحاڵی خۆیان"، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر وا دەڵێت.



