شەپۆلێكی سەرمای توند ئەمریكای گرتووەتەوە و تائێستا 23 كەس گیانیان لەدەستداوە و 19 هەزار گەشتی ئاسمانیش هەڵوەشاونەتەوە.

میدیاكانی ئەمریكا باس لەوە دەكەن، ئەو سەرمایەی ماوەی سێ رۆژە بەشێك لە ویلایەتەكانی ئەمریكای گرتووەتەوە كە بە گێژەڵوكەی جەمسەری ناودەبرێت، هێشتا بەردەوامە و بەهۆیەوە تائێستا 23 كەس گیانیان لەدەستداوە و كارەبای بەشێكی ناوچەكانیش پچڕاون، پلەكانی گەرماش بە گشتی 20 پلە لەژێر سفرەوەن و بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسیش، چاوەڕوان دەكرێت لە هەندێك ناوچەی ئەمریكا پلەكانی گەرما بۆ 45 پلەی ژێر سفر داببەزن.

بەپێی میدیكان لە نزیكەی 20 ویلایەتی ئەو وڵاتە زیاتر لە 30 سانتیم بەفر باریوە و باری نائاسایی راگەیەنراوە، لەگەڵ ئەوەشدا توندی سەرما و بەهێزی رەشەبا بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی 19 هەزار گەشتی ئاسمانی.

ماڵپەڕی ئەكیو وێزەری جیهانییش بۆ پێشبینییەكانی كەشوهەوا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو زیانانەی بەهۆی شەپۆلی سەرماوە بەر ئەمریكا كەوتووە چاوەڕێی زیادبوونیشی دەكرێت، لەدوای زیانەكانی ئاگرەكەی ساڵی رابردووی لۆس ئەنجلسەوە، بە پلەی دووەمدا دێت.