ئەمریکا کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کردووە
راهۆز
٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایدەگەیەنێت، گرووپێکی کەشتیی فڕۆکەهەڵگر لە ئێستادا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکراوە و کەشتییەکە لە زەریای هیندیدایە.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەکردووە، ئامانجی جێگیرکردنی ئەو هێزە "پشتیوانیکردنە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە"، بەبێ ئەوەی وردەکاریی شوێنەکەی ئاشکرا بکات.
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە سەبارەت بە هەڵکشانی سەربازی لە ناوچەکە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا راوێژکارە ئەمنییەکانی بژاردەی سەربازیی زیاتری بخەنە بەردەم.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بوونی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" و کەشتییە یاوەرەکانی، بژاردەی هێرشبردن و بەرگریکردنی زیاتر دەداتە ترەمپ ئەگەر بڕیاری هێرشکردنە سەر ئێران بدات.
پێشتریش ترەمپ رەتیکردبووەوە دەستێوەردانی سەربازی لە ئێران بەدوور بگرێت، ئەوەش دوای سەرکوتکردنی توندی خۆپیشاندانەکان کە بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەزاران کوژراوی لێکەوتووەتەوە.


