ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەرکەکانی ئاشتی رایگەیاند، شاندێکی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر قۆناغی دووەمی پلانی 20 خاڵیی دۆناڵد ترەمپ بۆ غەززە کرد.

ویتکۆڤ ئاماژەی بەوەکردووە، وەفدەکە پێکهاتبوو لە خۆی و جارید کۆشنەر، ئاریە لایتستۆن و جۆش گرینباوم. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی بەرەوپێشچوون و پلانی جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی ئەمریکا بووە بۆ کەرتی غەززە و پرسەکانی ناوچەکە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی نێردەی تایبەت، هەردوولا جەختیان لە هاوبەشیی نزیک و هەماهەنگیی بەردەوام کردووەتەوە و گفتوگۆکانیان بە "بونیادنەر و ئەرێنی" وەسف کردووە. هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو و گرنگیی بەردەوامیی هاوکارییەکان لە پرسە گرنگەکانی ناوچەکەدا.