سوریا و ئیسرائیل لە تەواوكردنی رێككەوتنی ئەمنی نێوانیان نزیكدەبنەوە، كە بۆ 25 ساڵی داهاتوو بەرزاییەكانی جۆلان دەداتە ئیسرائیل.

بە پێی راپۆرتێك كە لەلایەن كەناڵی 24 نیوزی ئیسرائیل بڵاوكراوەتەوە، سوریا و ئیسرائیل لە تەواوكردنی بەندەكانی رێككەوتنێكی ئەمنی بە نێوەندگیری ئەمریكا نزیكبوونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەپێی رێككەوتنەكە، دەبێت حكومەتی سوریا بەرزاییەكانی جۆلان بداتە ئیسرائیل بۆ ماوەی 25 ساڵ، هەروەها رێگا بدرێت بە كردنەوەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە دیمەشق تا كۆتایی ئەمساڵ.

ئەو كەناڵە لە زاری سەرچاوەیەكی سورییەوە ئاشكرایكردووە، دانوستانەكانی داهاتوو بە نێوەندگیری واشنتۆن دەتوانێت رێگا بۆ رێككەوتنی ئەمنی و هاوكاری فراوانتر لە نێوان هەردولا خۆش بكات.

هەر لە راپۆرتەكەدا هاتووە، كەسێكی نزیك لە ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا رایگەیاندووە،  بڕیارە بەمزووانە لێپرسراوانی سوریا و ئیسرائیل لە پاریس جارێكی تر كۆببنەوە، بۆ كۆتاییهێنان بە وردەكارییەكانی رێككەوتنەكە.

ئەمەش، لە كاتێكدایە،  ئیسرائیل چەندین جار رەتیكردووەتەوە هیچ بەشێك لە بەرزاییەكانی جۆلان بگەڕێنێتەوە بۆ سوریا.