دوای ئەوەی بەهۆی گرژییەكانی رۆژئاوا و پەلامارە بەردەوامەكانی گروپە چەكدارەكانی سوریا، هێزەكانی سوریای دیموكرات لەو ناوچانە كشانەوە كە ئەو گرتووخانانەیان تێدایە تیرۆرستانی داعشیان تێدا زیندانیكراون و سوپای عەرەبیی سوریا دەستیان بەسەر گرتووخانەكاندا گرتووە، دوای ئەو روداوانەش بڕیاردرا بە گواستنەوەی نزیكەی حەوت هەزار زیندانی داعش بۆ گرتووخانەكانی عیراق، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكاش دەڵێت، گواستنەوەی زیندانییەكان بۆ عیراق ماوەی چەند رۆژێكی كەم دەخایەنێت.

تیم هۆكینز وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا ناسراو بە سێنتكۆم دەڵێت، تیرۆریستەكانی داعش راستەوخۆ بە سەرپەرشتی سێنتكۆمدا دەگەیەنرێنە گرتووخانەكانی عیراق.
وەزارەتی جەنگیی ئەمریكاش رایگەیاند، ستایشی عیراق دەكەن كە رۆڵێكی پێشەنگ لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەگێڕێت و لەخۆگرتنی دەستگیركراوانی داعشی گرتووەتە ئەستۆ.

دەشڵێت، هێشتنەوەی ئەو تیرۆریستانە لە گرتووخانەكانی عیراق كاتییە تا ئەو كاتەی وڵاتان هاووڵاتیانی خۆیان وەردەگرنەوە و لە وڵاتەكانیان و دادگاییان دەكەن.

لە چەند رۆژی رابردووشدا 150 تیرۆریستی داعش لە سوریاوە رادەستی عیراق كران كە بەشێكیان بیانین، ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمریكاش بۆ سوریا، دەستپێشخەریی عیراق بۆ چاودێریكردنی ئەو تیرۆریستانە بەرز دەنرخێنن.

ماركۆ رۆبیۆ دەڵێت، ئەو هەوڵەی عیراق كارێكی ئازایانەیە و عیراق لە هێڵەكانی پێشەوەدایە بۆ روبەڕوبوونەوەی هەڕەشەكانی گروپی تیرۆرستی داعش بۆسەر هەموو وڵاتان.

تۆم باراكیش باس لەوە دەكات، ئەو هەڵوێستەی عیراق لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكە فراوانترین بەشدارییە لە بەهێزكردنی سەقامگیریی سوریا و رێگە بۆ ئاشتی و داهاتوویەكی گەشەسەندوو خۆش دەكات.

ئەگەرچی گواستنەوەی تیرۆریستانی دەستگیركراوی داعش بۆ عیراق لەلایەن شیكەرەوانی سیاسییەوە لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، بەڵام دوایین لێدوانی تیم هۆكینز وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا ئەو ترسانە دەڕەوێنێتەوە و دەڵێت، هۆكاری گواستنەوەی ئەو تیرۆریستانە بۆ عیراق بۆئەوەیە دڵنیابنەوە لە شوێنێكی پارێزراودا زیندانی دەكرێن و رێگە بە هەڵاتنیان نادرێت.