شەڕڤانانی هەسەدە لە گرتووخانەی ئەقتان كشانەوە و رادەستی حكومەتی دیمەشق دەكرێت
٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
شەڕڤانانی هەسەدە لە گرتووخانەی ئەقتان كشانەوە و سوپای سوریاش دەڵێت؛ ئەو كارەی هەسەدە هەنگاوی یەكەمە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی 18ی ئەم مانگە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەڕڤانانی هەسەدە كە پاراستنی گرتووخانەی ئەقتانیان لە ئەستۆ گرتبوو، لە دەوروبەری گرتووخانەكە بەرەو كۆبانێ كشانەوە، بەمەبەستی رادەستكردنی بە حكومەتی دیمەشق، ئەوەش لە كاتێكدایە ژمارەیەكی زۆر لە تیرۆریستانی داعش لە گرتووخانەی ئەقتان زیندانیكراون، چەند رۆژێكیشە لەلایەن تیرۆرستان و گرپە چەكدارەكانەوە، گەمارۆ دراوە و بەردەوام پەلاماری گرتووخانەكەیان دەدا.
سوپای سوریاش لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كشانەوەی هەسەدە لە گرتووخانەی ئەقتان، هەنگاوی یەكەمە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی 18ی ئەم مانگە و وەزارەتی ناوخۆی سوریاش سەرپەرشتی گرتووخانەكە دەكات.



