مەزڵوم عەبدی: پشتگیری ترەمپ بۆ ئاگربەست لە سوریا جیددییە و جێگەی پێشوازییە
راهۆز
٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، رایگەیاند کە کۆبوونەوەیەکی "بونیاتنەر و بەرهەمداریان" لەگەڵ تۆم باراک و ئەدمیراڵ براد کۆپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە.
عەبدی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X، ئاماژەی بەوە دا کە پشتگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ پرۆسەی راگرتنی تەقە "جیددییە، گرنگیی خۆی هەیە و جێگەی پێشوازییە."
مەزڵوم عەبدی هەروەها جەختی لەسەر هەوڵەکانی تۆم باراک کردەوە بۆ گەڕانەوە بۆ دایەلۆگ و دانوستان لەنێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دووپاتی کردەوە کە بە "هەموو تواناوە، بە شێوەیەکی جیددی" کار دەکەن بۆ وەدیهێنانی یەکگرتنێکی راستەقینە و پاراستنی ئاگربەستی ئێستا.



