رێكخراوی پزیشكانی بێسنور هۆشداری دەداتە حكومەتی سوریا
کەژان
٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
پزیشكانی بێ سنور هۆشداری دەدان لە بەردەوامی هێرشەكانی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە حكومەتی سوریا بۆ باكور و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە.
رێكخراوی پزیشكانی بێسنور لە راگەیەنراوێكدا هۆشداریدا لە دەرئەنجامەكانی هێرشەكانی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە حكومەتی سوریا بۆ سەر باكوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و دووپاتی كردەوە كە هەزاران هاووڵاتی مەدەنی ناچاربوون لە وەرزی زستاندا هەڵبێن و ئاوارە ببین و رووبەڕووی كەمیی شوێنی مانەوە و گەرماو و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بوونەتەوە.
رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، پەناگە كاتییەكانی قامیشلۆ و دێریك كە زۆرجار لە قوتابخانە و مزگەوتەكانن، خۆیان بەدەست ژێرخانی ناتەواوەوە دەناڵێنن و پێداویستی پێویستیان نییە بۆ جێگیركردنی ژمارەیەكی زیاتری ئاوارە، ئەمەش قەیرانە مرۆییەكانیان گەورەتر دەكات.
پزیشكی بێ سنور دووپاتی كردەوە، كە بەپەلە هاوكاریە مرۆییەكانیان گەیاندوەتەوە ئەو ناوچانە، هەروەها كلینیكێكی پزیشكی گەڕۆكیشیان لە شاری دێریك دامەزراندووە بۆ دابینكردنی چاودێری تەندروستی پێویست بۆ ئاوارەكان.



