فەرماندەی سێنتکۆم بۆ سەرۆکی سوریا: پابەندی ئاگربەست بن لەگەڵ هەسەدە
راهۆز
٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
فەرماندەی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی سوریا، داوایکرد هێزەکانی حکومەت پابەندی ئاگربەست بن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و رێگری لە گواستنەوەی زیندانییانی داعش نەکەن.
تیم هۆکینز، وتەبێژی سێنتکۆم رایگەیاند، ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم ئەمڕۆ 21ـی کانونی دووەم پەیوەندی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریاوە کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، کوپەر داوای لە شەرع کردووە پابەندبن بە ئاگربەست لەگەڵ هەسەدە و پشتیوانی لە گواستنەوەی زیندانییانی داعش بکەن لە سوریاوە بۆ عیراق.
فەرماندەکەی ئەمریکا پلانی سێنتکۆمی بۆ سەرۆکی سوریا روونکردووەتەوە سەبارەت بە گواستنەوەی نزیکەی 7000 زیندانیی داعش بە شێوەیەکی رێکخراو و پارێزراو، داواشی کردووە هێزەکانی سوریا و هێزەکانی دیکە خۆیان لە هەر کارێک بەدوور بگرن کە ببێتە هۆی تێکدانی ئەو پرۆسەیە.



