تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایدەگەیەنێت، بێدەنگی بەرانبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر گەلان و باوەڕەکان لە سوریا مەحاڵە و دەبێت هەمووان پێکەوە دەنگ بەرز بکەنەوە.

لە پەیامێکدا باکرهان نووسیویەتی: "ئەرکێکی مێژووییە کە هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە پێکەوەژیان هەیە، لە عەلەوی و کوردەوە تا مەسیحی و دروزەکان، شانبەشانی یەکتر بوەستن".

هاوکات کۆمەڵێک رێکخراوی عەلەوی لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئیدانەی توندی هێرشەکانیان بۆ سەر باکوری سوریا کرد و رایانگەیاند: "ئەوەی لە سوریا دەگوزەرێت سیاسەتێکی سیستماتیکی پاکتاوکردنە دژی کورد، عەلەوی، مەسیحی و هێزە دیموکراتەکان".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "تورکیا ساڵانێکە پشتیوانیی گروپە جیهادییەکان دەکات و رێگەی بۆ خۆشکردوون. ئەمڕۆش بەهێزبوونی بەرەی نوسرە و پاشماوەکانی داعش ئەنجامی ئەو سیاسەتەیە".

رێکخراوەکان جەختیان کردووەتەوە کە "بێدەنگی بەرامبەر ئەم تاوانانە تەنیا بوون بە شەیتانی لاڵ نییە، بەڵکو بەشداریکردنە لە تاوانەکەدا"، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن ئەو گروپانە وەک تاوانکاری جەنگ بناسێنن.