ئەمریکا دەستی بە گواستنەوەی 7000 زیندانیی داعش کرد لە سوریاوە بۆ عیراق
راهۆز
٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایدەگەیەنێت، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی نوێ کردووە بۆ گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریاوە بۆ عیراق، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی تیرۆریستان لە شوێنی پارێزراودا دەمێننەوە.
سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، ئەمڕۆ 21ی کانونی دووەم، پرۆسەکە دەستیپێکردووە و هێزەکانیان بە سەرکەوتوویی 150 چەکداری داعشیان لە زیندانێکی حەسەکە گواستووەتەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو لە عیراق.
بەپێی راگەیەندراوەکە، پلانیان هەیە نزیکەی 7000 زیندانیی داعش لە سوریاوە بگوازنەوە بۆ زیندانەکانی ژێر کۆنترۆڵی عیراق.
ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم دەڵێت: "هەماهەنگیی نزیکمان لەگەڵ حکومەتی عیراق هەیە و رۆڵیان بەرز دەنرخێنین. گواستنەوەی رێکخراو و پارێزراوی زیندانییانی داعش گرنگە بۆ رێگریکردن لە شکاندنی زیندانەکان و هەڵاتنیان، کە هەڕەشەی راستەوخۆ دەبێت بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا و ناوچەکە".



