هەسەدە: چەکدارانی دیمەشق ئاگربەستیان پێشێل کردووە
راهۆز
٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایدەگەیەنێت، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی جەزیرە و کۆبانێ نەوەستاندووە و بەهۆیەوە ژنێک شەهید بووە.
هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئاگربەست لە سەعات 8:00ـی شەوی رابردووەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام چەکدارەکان چەندین جار پێشێلکارییان کردووە و بە چەکی قورس شارۆچکەی "زرگان" و گوندی "تەل بارود"یان لە باشوری حەسەکە بۆردومان کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، پێشنیوەڕۆ و پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش چەکدارانی دیمەشق لە دەوروبەری شارۆچکەی "سەرین" و گوندی "باسل" هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی هەسەدە و بەرپەرچ دراونەتەوە.
هەسەدە ئاشکرای کردووە، سەعات 2:45ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، چەکدارەکان بە چەکی قورس گوندی "حەمدون"یان لە باشوری کۆبانێ بۆردومان کردووە و بەهۆیەوە ژنێک شەهید بووە.
لە کۆتاییدا هەسەدە پابەندبوونی خۆی بە ئاگربەست دووپات کردووەتەوە و داوا لە لایەنە گەرەنتیکارەکان دەکات بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ بکەن و سنورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دابنێن.



