تۆم باراك: ئێستا دیمەشق ئامادەیە و توانای ئەوەی هەیە بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان لە ئەستۆ بگرێت
بڵند
٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
تۆم باراك، نێردەی تایبەتی ئەمریكا لە سوریا رایگەیاند، رەوشی سوریا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە و هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی کورد، کاریگەرترین هاوبەشی زەمینییان سەلماند لە شکستپێهێنانی خەلافەتی خاکی داعش تا ساڵی 2019 و لە ئێستادا هیچ پاساوێك نەماوە بۆ هاوبەشی ئەمریكا لەگەڵ هەسەدە.
تۆم باراك، نێردەی تایبەتی ئەمریكا لە سوریا پەیامێکی لە ئێکس بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ لە ئێستادا گەورەترین دەرفەت بۆ کورد لە ئارادایە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی نوێ سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، ئەم ساتەوەختە رێگایەکە بۆ یەکگرتنی تەواوەتی هەسەدە لەگەڵ دەوڵەتی سوریا، کە مافی هاووڵاتیبوون و پاراستنی کولتووری و بەشداری سیاسیان هەیە.
نێردەی ترەمپ دەشڵێت؛ لە ئێستادا سوریا حکومەتێکی ناوەندی دانپێدانراوی هەیە، کە پەیوەندی بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە کردووە بۆ شکستپێهێنانی داعش و تۆم باراک راشیگەیاندوە، ئامانجی بنەڕەتی لە دروستکردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات وەک هێزی سەرەکی شەڕی داعش لەسەر زەوی کۆتایی هاتووە، چونکە ئێستا دیمەشق ئامادەیە و توانای ئەوەی هەیە بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان لە ئەستۆ بگرێت.
تۆم باراک دەڵێت؛ ئەمریکا هیچ بەرژەوەندییەکی لە ئامادەبوونی سەربازی درێژخایەندا نییە؛ شکستپێهێنانی پاشماوەکانی داعش و پشتگیریکردن لە ئاشتەوایی و پێشخستنی یەکێتی نیشتمانی بەبێ پشتگیریکردن لە جیابوونەوە یان فیدراڵیزم لە پێشینەی کارەکانیدایە.



