عراقچی: داڤۆس بەشداریکردنمی هەڵوەشاندەوە
راهۆز
١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (داڤۆس) بەهۆی فشارەکانی ئیسرائیلەوە بەشداریکردنی ئەوی هەڵوەشاندووەتەوە و ئەوەش بە "دووفاقی و ئیفلاسی ئەخلاقی" وەسف دەکات.
عراقچی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیاری رێگری لێکردنی بۆ بەشداریکردن لە داڤۆس، لەسەر بنەمای "درۆ و فشاری سیاسیی ئیسرائیل و بریکارەکانی لە ئەمریکا" بووە. سەبارەت بە رووداوەکانی ناوخۆی ئێرانیش، پاساوی ئەوەی هێناوەتەوە کە ئەوان بەرگرییان لە گەلەکەیان کردووە دژی "تیرۆریستانی چەکدار و کوشتنی هاوشێوەی داعش" کە بە ئاشکرا لەلایەن دەزگای مۆسادەوە پشتیوانی کراون.
وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنەی توند لە رێکخەرانی داڤۆس دەگرێت و دەڵێت: "ئیسرائیل لە فەلەستین جینۆساید دەکات و71 هەزار کەسی بێتاوانی کوشتووە، کەچی داڤۆس بانگهێشتنامەی هیچ بەرپرسێکی ئیسرائیلی هەڵنەوەشاندووەتەوە".
باسی لەوەشکردووە، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل ساڵی رابردوو وەک براوەیەک لە داڤۆس بوو، لەکاتێکدا لە سویسرا رووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاری ببووەوە بەهۆی جینۆسایدکردنی غەززەوە.
لە کۆتاییدا عراقچی ئەو هەڵوێستەی داڤۆسی بە "ئیفلاسی ئەخلاقی و هزری" ناوبردووە و پێی وایە خەڵک مافی خۆیانە راستییەکان بزانن.



