لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکا هەڕەشەی توند لە حکومەتی سوریا دەکات و دەڵێت، ئەگەر پێشڕەوییەکانیان بەرەو باکور و شاری رەققە رانەگرن، سزای "ئێسک شکاندن"یان بەسەردا دەسەپێنن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتۆن تێکدەدەن.

گراهام لە پەیامێکدا دەڵێت: "ئەگەر هێزەکانی حکومەتی سوریا بەردەوام بن لە پێشڕەوی بەرەو رەققە، فشار دەکەم بۆ ئەوەی سزاکانی (یاسای قەیسەر) بە شێوەیەکی زۆر توندتر بسەپێنرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، دیارە هیچ کەسێک لە سوریا گوێ لە ئەو و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا ناگرێت، بۆیە هۆشداری دەدات کە بەردەوامبوون لەم سیاسەتە تەنیا سزای توندی لێناکەوێتەوە، بەڵکو زیانی هەمیشەیی بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و حکومەتی نوێی سوریا دەگەیەنێت.

سیناتۆرە کۆمارییەکە بە زمانی هەڕەشەوە دەڵێت: "ئەگەر واتێدەگەن قسەکانمان فشە، بەردەوام بن... هەوڵمداوە دادپەروەر بم لەگەڵ حکومەتە نوێیەکە، بەڵام دیارە گوێتان لێ نییە. ئەگەر دەتانەوێت پەیوەندییەکان رزگار بکەن، بوەستن و بکشێنەوە، هیوادارم ژیرانە بڕیار بدەن".