تورکیا "بارۆنی کۆکایین"ـی دەستگیر کرد؛ خاوەنی کەشتییەک بووە بە 10 تۆن مادەی هۆشبەرەوە
راهۆز
١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا هێزە ئەمنییەکانی تورکیا "بارۆنی مادە هۆشبەرەکان"ی وڵاتەکەیان دەستگیرکرد، کە تۆمەتباری سەرەکییە لە دۆسیەی ئەو کەشتییەی بە 10 تۆن کۆکایینەوە لە ئیسپانیا دەستی بەسەردا گیرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزە ئەمنییەکان لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لە شەش پارێزگای تورکیا، هەڵیانکوتایە سەر 19 شوێن و توانییان "شەتین گۆرین" ناسراو بە بارۆنی کۆکایین و شەش گەورە تۆمەتباری دیکە دەستگیر بکەن. دەسەڵاتداران دەستیان بەسەر تەواوی سامانی گواستراوە و نەگواستراوە، هەژماری بانکی و دراوی ئەلکترۆنیی دەستگیرکراوەکاندا گرت.
دەستگیرکردنی گۆرین دوای ئەوە هات کە لێکۆڵینەوەکان دەریانخست پەیوەندیی بە کەشتیی "United S"ـەوە هەیە، کە رۆژی ٧ی ئەم مانگە لە ئیسپانیا دەستی بەسەردا گیرا و 10 تۆن کۆکایینی تێدابوو.
لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە، کەشتییە 295پاکەت کۆکایینی تێدابوو کە کێشی هەر یەکێکیان 35 کیلۆگرام بووە. کەشتییەکە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2025 لە بەندەری مێرسین-ی تورکیاوە دەرچووە و بە مەغریب و بەرازیلدا تێپەڕیوە و لە ناوەراستی دەریاوە لە نزیک سورینام بارەکەی وەرگرتووە.



