وۆڵ ستریت جۆرناڵ: بەرپرسانی ئەمریکا نیگەرانـن لـە دیمەشق کە بە پاڵـپشتـی تورکـیـا ئۆپەراسیۆنەکان دژی کورد فراوانتر دەکات
بڵند
١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیش ئاشکرای کردوە، واشنتۆن هەڕەشەی سزای نوێ لە دیمەشق دەکات ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکانی دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات فراوانتر بکات و ناوچە کوردییەکان وەک بەربەستێکی سەرەکی دەمێنێتەوە لەبەردەم چەسپاندنی کۆنترۆڵی سەرۆکی نوێ بەسەر سوریادا.
رۆژنامەکە لەزاری دوو بەرپرسی ئەمریکییەوە رایگەیاندوە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بەتەواوەتی نیگەرانن لەوەی، کە هێرشێکی نوێی سەربازی سوریا بۆ سەر هێزە کوردییەکان فراوانتر بێت، چونکە دەبێتە هۆی هەڕەشەی تێکدانی سەقامگیری سوریا و زیاتر دابەشکردنی دوو هاوبەشی ئەمنی گرنگی ئەمریکا، کە لە ئێستادا شەڕی داعش دەکەن.
دوو بەرپرسەکە ئەوەیان ئاشکراکردوە، کە ئەمریکا دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەوە کردوە، رەنگە ئەحمەد شەرع ئۆپراسیۆنی فرەلایەن بە پاڵپشتی تورکیا لە دژی هەسەدە ئەنجامبدات لەو دیو سنوری فوراتەوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، واشنتۆن هەڕەشەی ئەوەی کردووە، کە ئەگەر دیمەشق بەردەوام بێت لە هێرشە کانی بۆسەر هەسەدە، جارێکیتر سزاکانی یاسای قەیسەر بەسەر حکومەتی سوریادا دەسەپێنێتەوە.
ئەمەش لە دوای ئەوە دێت کە هێزە چەکدارەکانی سوریا، دوێنێ شەو بە چڕی بۆردومانی دێر حافریان کرد، مەزڵوم کۆبانێ رایگەیاند؛ وەک نیەتپاکییەک لە سەرداوای وڵاتانی دۆست و نێوەندگیرەکان لە بەرەکانی پێکدادان لە رۆژئاوای حەلەب دەکشێنەوە بۆ رۆژهەڵاتی فورات.
گەرچی دیار نییە کشانەوەکەیان تا چ سنورێکە بەدیاریکراوی، بەڵام راگەیاندنەکانی هەسەدە ئەوەیان خستەڕوو، کشانەوەی هێزەکانیان، تەنها ناوچەی دێرحافر و مەسکەنەی پارێزگای حەلەب دەگرێتەوە و بەنداوی تشرین و دەوروبەری و هەموو ئەو ناوچانەی لەڕووی ئیداریەوە سەر بە شاری رەقەن، لەژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی خۆسەردا دەمێننەوە.



