ئەحمەد شەرع مەرسومێکی لەبارەی بەشێک لە مافەکانی کورد لە سوریا دەرکرد
بڵند
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا، مەرسومێکی تایبەتی بە بەشێک لە مافەکانی گەلی کورد لە سوریا دەرکرد، کە هەشت مادە لەخۆدەگریت و تێیدا هاتووە؛ هاوڵاتیانی سوری کورد بەشێکی سەرەکی و رەسەنی گەلی سوریان، وناسنامە کولتوری و زمانەکەیان بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی نیشتمانی سوریایی فرەنەتەوە و و یەکگرتوو.
سەرۆکی سوریا، جەخت دەکاتەوە لەوەی هاووڵاتیانی کوردی سوریا بەشێکی سەرەکی و ڕەسەنی گەلی سوریان و دەوڵەت پابەندە بە پاراستنی فرەیی کولتوری و زمانیان و مافی هاووڵاتیانی کورد دەستەبەر دەکات لە زیندووکردنەوەی کەلەپوور و هونەرەکانیان و گەشەپێدانی زمانی دایکیان لە چوارچێوەی سەروەری نیشتمانیدا.
هەروەها زمانی کوردی بە زمانێکی نیشتمانی دادەنرێت و رێگە دەدرێت بە خوێندن لە قوتابخانە حکومی و تایبەتەکاندا لەو ناوچانەی، کە کورد رێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتوان پێکدەهێنن و ناسنامەی سوری دەدرێتە تەواوی ئەو هاوڵاتییانەی بە رەچەڵەک کوردن و نیشتەجێن لەسەر خاکی سوریا.
لە فەرمانە مەرسومییەکی شەرعدا، جەژنی نەورۆز بە پشووی رەسمی دادەنرێت لە سەرانسەری سوریا و جەژنێکی نیشتمانییە و گوزارشت لە بەهار و برایەتیی دەکات .
لە مادەی شەشەمی مەرسومەکەدا هاتووە؛ دامەزراوەکانی دەوڵەت لە راگەیاندن و پەروەردە پابەند دەبن بە پەیڕەوکردنی گوتارێکی نیشتمانی گشتگیر و هەر جیاکارییەک یان پەراوێزخستنێک لەسەر بنەمای رەگەزی یان زمانی بە یاسا قەدەغەیە.



