بە پشتیوانیی ئاسمانی؛ هاوپەیمانان هێزیان گەیاندە "دێر حافر" لە رۆژهەڵاتی حەلەب
راهۆز
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
بە ئامانجی رێگریکردن لە گرژییەکان و پشتیوانیکردنی هەسەدە، کاروانێکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە چاودێریی چڕی فڕۆکە گەیشتە شارۆچکەی "دێر حافر" لە رۆژهەڵاتی حەلەب.
موهەنەد ئیبراهیم پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ کاروانێکی سەربازیی گەورەی ئەمریکا و هاوپەیمانان کە ژمارەیەک زرێپۆشی لەخۆگرتووە، لە رۆژئاوای کوردستان و بنکەکانی رەققەوە گەیشتوونەتە شارۆچکەی دێر حافر لە رۆژئاوای روباری فورات.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێلیکۆپتەرەکانی هاوپەیمانان بە ئاسمانی ناوچەکانی (تەبەقە، رەققە و گوندەکانی دێرەزور)دا سوڕاونەتەوە و چاودێریی گەیشتنی هێزەکەیان کردووە بۆ ناوچەکە.
ئەم جوڵە سەربازییەی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە کاتێکدایە، گرژییەکان لە دێر حافر پەرەیانسەندووە و دوای هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، چەکدارانی سەر بە حکومەتی سوریا و گروپە نزیکەکانی تورکیا لە دەوروبەری شارۆچکەکە کۆبوونەتەوە و ناوبەناو تۆپبارانی سەنگەرەکانی هەسەدە دەکەن.



