لیندسی گراهام هۆشداری دەداتە دیمەشق و ئەنکەرە: هەڵەیەکی گەورە دەکەن
راهۆز
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمریکا هۆشداری دەداتە دیمەشق و ئەنکەرە لە هەر هێرشێک بۆ سەر کوردانی سوریا و رایدەگەیەنێت، نیگەرانە لە هەماهەنگییەکانی نێوان حکومەتی نوێی سوریا و تورکیا دژی کورد.
لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، گراهام نوسیویەتی: "نیگەرانییەکانم روو لە زیادبوونە سەبارەت بەوەی حکومەتی نوێی سوریا هاوتەریب لەگەڵ تورکیا هێزی سەربازی دژی کوردانی سوریا بەکاردەهێنێت، کە بەهێزترین هاوپەیمانی ئێمەن لە تێکشکاندنی یەکجارەکیی داعش".
سیناتۆرە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کوردەکان نزیکەی 9 هەزار لە "خراپترین و مەترسیدارترین" زیندانییانی داعشیان لایە، بۆیە لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکادایە رێگری بکات لەوەی ئەو زیندانییانە بگەڕێنەوە گۆڕەپانی جەنگ.
گراهام جەختیکردووەتەوە، هەرچەندە پشتیوانی لە دەرفەتدان بە حکومەتی نوێی سوریا دەکەن، بەڵام "ئەگەر هێرشەکان دژی کورد بە پشتیوانیی تورکیا زیاد بکات، دۆخێکی تەواو نوێ دروست دەبێت".
هۆشداریشیداوە کە بڕوای وایە لە کۆنگرێس پشتیوانییەکی بەرفراوان لە نێوان هەردوو پارتەکە (کۆماری و دیموکرات) دروست دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەنگاوە و دەڵێت: "ئەگەر هەرکەسێک پێی وابێت من یان هاوکارەکانم رازین بەوەی زیندانییانی داعش لەلایەن سوپای سوریا یان تورکیاوە پاسەوانی بکرێن لەبری کوردەکان، ئەوا زۆر بە هەڵەدا چوون. ژیرانە بڕیار بدەن".



