هەسەدە: ئێمە رێگریمان لە هەڵاتنی هاووڵاتیانی مەدەنی دێرحافر نەکردوە
بڵند
١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
هەسەدە رایگەیاند، بە توندی ئیدانەی ئەو بانگەشيەی وەزارەتی بەرگری سوریا دەکەن، کە دەڵێن هێزەکانیان رێگری لە هاووڵاتیانی مەدەنی دەکەن دێرحافر بەجێبهێڵین، ئاماژەیان بەوەکردوە هۆکاری نەمانی جوڵەی هاووڵاتییانی مەدەنی بەهۆی پەرەسەندی سەربازی و کۆبونەوەی هێزەکانی سەر بە گروپەکانی دیمەشقە لە ناوچەکە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات راگەیەندراوێكی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ بانگەشەی وەزارەتی بەرگری سوریا بێ بنەمایە و ئاوارەکردنی زۆرەملێی خەڵکی مەدەنیی لەلایەن حکومەتی کاتی سوریاوە بە زۆر و لەژێر هێزدا تاوانی جەنگە.
لە راگەیەنداروەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن ئەو کارانەی حکومەتی دیمەشق، کە بوەتە هۆی هەرەشە بۆ سەر 170 هەزار هاووڵاتی مەدەنی و ئاوارەبونیان ئیدانە بکەن.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، هەسەدە ئەوەشی خستوەتەڕوو، خەڵکی دێرحافر پابەندی خۆیان بۆ پاراستنی خاک و ماڵیان سەلماند و هیچ لایەنێک ناتوانێت لەژێر گوشاری سەربازیدا مافی مانەوەیان لێبسەنێت.
ئەم راگەیەنداروەی هەسەدە لە کاتێکدایە، وەزارەتی بەرگری سوریا ئەمڕۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد بوو، هەسەدە رێگری دەکات لە هاووڵاتییان دێرحافر بەجێبهێڵن.



