خۆبەڕێوەبەری: هەڵگیرسانی شەڕی نوێ قبوڵکراو نییە
راهۆز
١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی هەرێمی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، نیگەرانیی خۆی لە هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکان لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت، هەڵگیرسانی شەڕی نوێ هیچ براوەیەکی نابێت و ئامادەن بۆ گفتوگۆ.
لە راگەیەندراوێکدا بۆ رای گشتی، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئاماژەی بەوەکردووە، گەلی سوریا 15 ساڵە بەدەست وێرانکاری و کوشتنەوە دەناڵێنێت، بۆیە هەڵگیرساندنی هەر جەنگێکی نوێ و پەنابردن بۆ هێزی سەربازی، پڕۆسەی سیاسی لەباردەبات و ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێکدەدات.
خۆبەڕێوەبەری جەختیکردووەتەوە، زمانی گفتوگۆ دەبێت زاڵ بێت بەسەر زمانی چەک و هەڕەشەدا، چونکە لە شەڕدا هیچ براوەیەک نییە و تەنیا گەل باجەکەی دەدات، بۆیە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات یەکدەنگ بن لە رەتکردنەوەی وتاری رق و کینە و کارکردن بۆ سوریایەکی لامەرکەزی.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا داوا لە "حکومەتی کاتیی سوریا" کراوە، دانبەخۆیاندا بگرن و رێگای دانوستان و چارەسەری سیاسی هەڵبژێرن لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی.
خۆبەڕێوەبەری دووپاتیشی کردووەتەوە کە: "ئامادەین بۆ گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەری سیاسی بۆ هەموو دۆسیەکان" بۆ رێگریکردن لە خوێنڕشتن و شکستپێهێنانی پیلانی دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان پێکهاتەکان.
لە کۆتاییدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەڵوێستی روونیان هەبێت و هەنگاوی جددی بنێن بۆ رێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێ لە سوریا.



