هەسەدە: ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە دەڕوات
محەمەد رزگار
١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
هەسەدە رایدەگەیەنێت: هێزی سەربازی زۆر کۆکراوەتەوە و مەترسیی هەیە ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە بڕوات.
هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە' لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، ناوچەکانی دێر حافر، مەسکەنە و بەنداوی تشرین، لەلایەن چەکدارانی دیمەشق و بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی بۆردومان دەکرێت، ئەمەش مەترسییەکی زۆری لەسەر ئاسایشی مەدەنی و دامەزراوە گرنگەکانی ناوچەکە دروستکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەیانییەوە زیاتر لە 12 هێرش بە فڕۆکە فڕۆکەوان و تۆپباران، لەلایەن چەکدارانی سوریاوە ئەنجامدراوە و لەئێستاشدا تۆپبارانکردنی دەروبەری بەنداوەکە بەردەوامە.
هەسەدە ئەوەشی خستەڕوو، چەکدارانی سوریا هەموو دامەزراوە و ناوچەی نیشتەجێبوون بە ئامانج دەگرێت و هەوڵدەدات ژێرخانی ئابوری و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان لە دێرحافر بە ئامانج بگرێت.
راشیگەیاند، هێزەکانیان بەرپەرچی هەموو ئەو هێرشانە دەدەنەوە لەو ناوچانە، بەرگری لە هاووڵاتیان و بەردەوام دەبن لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو چەکدارانە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات دەشڵێت؛ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بایرەکداری تورکی لە هێرشەکاندا بەکارهاتووە، هەروەها گروپەکانی دیمەشق بەرپرسیارێتی تەواو هەڵدەگرن لەم گرژییە و ئەو دەرئەنجامانەی بەدوایدا دێت لە رووی مرۆیی و ئەمنییەوە کە ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە دەبات.



