رێكخراوی هەرانا: لە خۆپیشاندانەكانی ئێران دوو هەزار و 571 كەس كوژراون و زیاتر لە 100 ئەندامی هێزە ئەمنیەکانی تێدایە
زاهیر
١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
حكومەتی ئێران كوژرانی زیاتر لە 100 ئەندامی هێزە ئەمنییەكانی لە ناڕەزایەتییەكاندا راگەیاند، رێكخراوێكیش ئاشكرای دەكات زیاتر لە دوو هەزار و 500 خۆپیشاندەر كوژراون كە ژمارەیەكیان كورد بون، سەرۆكی ئەمریكاش هۆشداریی دەداتە لێپرسراونی تاران.
رێكخراوی مافی مرۆڤی هەرانا بڵاویكردوەتەوە لە ماوەی 17 رۆژی ناڕەزایەتییەكانی ئێران دوو هەزار و 571 خۆپیشاندەر كوژراون كە 12 كەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمتر بوە.
رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی كوردستان ئاشكرایان كردوە زیاتر لە 20 هاوڵاتیی كورد لە شارەكانی تاران و كرماشان و ئیلام كوژراون.
میدیای ئێرانیش بڵاویكردوەتەوە زیاتر لە 100 ئەندامی هێزە ئەمنییەكان لە ناڕەزایەتییەكاندا كوژراون و سەرجەمیان ئەمڕۆ لە مەراسیمێكدا لە تارانی پایتەخت بەرەوگۆڕستان بەڕێدەكرێن.
لای خۆشییەوە سەعید ئیرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوەیەكگرتوەكان رایگەیاندوە، ئەمریكا لە رێگەی دروستكردنی گرژی و ئاژاوە لە ناوخۆی ئێران دەیەوێت بیانو بێنێتەوە بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتەكە.



