روانگەی سوری: سوپای سوریا هێزەکانی لازقیەی گواستوەتەوە بۆ سنوری دێرحافر
بڵند
١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
روانگەی سوری رایگەیاند هێزێکی زۆری سەربازی حکومەتی دیمەشق لە جەبل و لازقیەوە گواستراونەتەوە بەرەو لادێکانی رۆژهەڵاتی حەلەب وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن دژی هێزەکانی هەسەدە.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، هێزەکانی حکومەتی کاتی سوریا هێزی سەربازی نوێیان گواستوەتەوە بۆ سنوری دێرحافر و لە لادێکانی رۆژهەڵاتی حەلەب بەرانبەر هێزەکانی هەسەدە جێگیرکراون و رەنگە ئامادەکاری بکن بۆهێرشکردنە سەر ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدایە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئەو هێزانە پڕچەکن و لە ناوچەی لازقیە و جەبلەوە هێنراون، هێنانی ئەو هێزانە هاوکاتە لەگەڵ بەهێزکردنی پێگە سەربازییەکان و پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکان لەو سنورە.
ئەمە لە کاتێکدایە شەوی رابردوو لە ناوچەکە، گرژی و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و هێزەکانی سەر بە سوپای تورکیا لە چەند بەرەیەکدا رویدا، هەسەدە رایگەیاند دوێنێ شەو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە درۆنی تورکیا دوو بنکەیان کراونەتە ئامانج.
شەڕ و پێکدادانەکە لە میحوەری گوندی زوبەیدە لە باشووری لادێکانی دێر حافر سەریهەڵدا، دوای ئەوەی هێزەکانی هەسەدە، هەوڵی دزەکردنی هێزەکانی سەر بە تورکیای بەرپەرچدایەوە، کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دۆشکەیان بەکارهێنا بوو.



