فەرماندەی سێنتکۆم: چاودێریی دۆخی حەلەب دەکەین
راهۆز
١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بە وردی چاودێریی پێشهاتەکانی حەلەب و ناوچەکانی دەوروبەری دەکەن و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەن زۆرترین دان بەخۆیاندا بگرن و لە رێگەی دیالۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکەن.
براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا وتی: "بە وردی چاودێریی دۆخی حەلەب و ناوچەکانی دەوروبەری دەکەین." داواشی لە هەموو لایەنەکان کرد زۆرترین "دانبەخۆداگرتن" پەیڕەو بکەن و خۆیان بەدوور بگرن لە هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی زیاتر ئاڵۆزبوونی گرژییەکان.
فەرماندەکەی سێنتکۆم جەختی کردەوە لەسەر پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و "ژێرخانە گرنگەکان".
هەروەها کوپەر داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بە نیازپاکی بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و لە رێگەی دیالۆگەوە بەدوای چارەسەری دیپلۆماسیی بەردەوامدا بگەڕێن. وتیشی: "وەک پێشتریش وتوومە، سوریایەک کە لەگەڵ خۆی و دراوسێکانی لە ئاشتیدا بێت، دەبێتە هۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی ئارامتر و گەشەسەندووتر."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ویلایەتە یەکگرتووەکان و سوریا بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.



