حەماس سەرۆکی نوێی مەکتەبی سیاسی هەڵدەبژێرێت؛ حەیە و مەشعەل دیارترین کاندیدن
راهۆز
١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
بزووتنەوەی حەماس ئامادەکاری دەکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ مەکتەبی سیاسییەکەی لەم مانگەدا، ئەوەش دوای ئەوەی پۆستەکە بە بەتاڵی مایەوە لە دوای کوژرانی یەحیا سینوار لە ساڵی 2024. هەریەکە لە خەلیل حەیە و خالید مەشعەل بە بەهێزترین کاندید دادەنرێن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەکانی حەماسەوە بڵاویکردەوە، پرۆسەی هەڵبژاردنەکە دەستیپێکردووە و لە رێگەی دەنگدانی نهێنیی ئەنجومەنی شورای حەماسەوە دەبێت کە لە 50 ئەندام پێکهاتووە و نوێنەرایەتیی ئەندامانی بزوتنەوەکە دەکەن لە کەرتی غەززە، کەناری خۆرئاوا و دەرەوەی فەلەستین.
لە دوای کوژرانی یەحیا سینوار، ئەنجومەنێکی پێنج کەسی سەرپەرشتیی بزوتنەوەکە دەکات، بڕیاریشە لەم هەڵبژاردنەدا جگە لە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی، جێگرێکیش بۆ شوێنی ساڵح عاروری هەڵبژێردرێت کە ساڵی 2024 لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە لوبنان کوژرا.
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە حەماس رووبەڕووی قورسترین ئاڵەنگاری بووەتەوە لە مێژووی دامەزراندنییەوە؛ جەنگەکە دوو ساڵی خایاندووە و بەشێکی زۆری غەززە وێران بووە و بەپێی ئامارە تەندروستییەکان زیاتر لە 71 هەزار کەس کوژراون. هاوکات پلانەکەی ترەمپ بۆ ئاگربەست، داوای چەکدانانی حەماس و دروستکردنی ئیدارەیەکی تەکنۆکرات دەکات بۆ کەرتی غەززە لەژێر سەرپەرشتیی نێودەوڵەتیدا.
چاودێران پێیان وایە خالید مەشعەل نوێنەرایەتیی باڵە "پراگماتییەکە" دەکات و پەیوەندیی باشی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی هەیە، لە کاتێکدا خەلیل حەیە وەک دانوستانکارێکی سەرەکی، پەیوەندییەکانی بزوتنەوەکەی لەگەڵ ئێران پتەو کردووە. هەردوو کاندیدەکەش لە ئێستادا لە قەتەر نیشتەجێن.
شایانی باسە هەردوو کاندیدەکە پێشتر رووبەڕووی هەوڵی تیرۆرکردن بوونەتەوە؛ خەلیل حەیە لە ئەیلولی رابردوو لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە قەتەر کرایە ئامانج، خالید مەشعەلیش ساڵی 1997 لە ئوردن لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلەوە هەوڵی ژەهرخواردکردنی درا.



