بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، حکومەتی کاتیی سوریا بەرپرسیارە لە جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنەکان و لە هێرشەکانی سەر شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، چەکدارانی داعش و گروپە تورکی و بیانییەکانی بەکارهێناوە.

ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حکومەتی کاتیی سوریا (ئینتیقالی) بەرپرسی سەرەکییە لە جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنی 10ی ئازار و رووداوەکانی ئەم دواییەی گەڕەکی شێخ مەقسود بە شەڕێکی میدیایی دژی گەڕەکە کوردییەکان دەستیپێکرد.

ئیلهام ئەحمەد ئاشکرایکرد، وەزارەتی بەرگریی سوریا بە رەسمی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە راگەیاند، لە کاتێکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەپێی رێککەوتنی 1ی نیسان لەو گەڕەکانە کشابوونەوە، بەڵام حکومەت بانگەشەی بوونی هێزەکانی هەسەدەی دەکرد وەک پاساوێک بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی توند بە بەکارهێنانی 80 تانک.

بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وتی: "لەو هێرشانەدا 48 کەس گیانیان لەدەستداوە و گروپە چەکدارەکان پێشێلکاریی گەورەیان ئەنجامداوە." جەختیشی کردەوە کە چەکدارانی رێکخراوی داعش، ئیگۆر، گروپە تورکییەکان و چەکداری بیانی لەو هێرشانەدا بەشداربوون.

سەبارەت بە هەڵوێستی نێودەوڵەتی، ئیلهام ئەحمەد روونیکردەوە کە یەکێک لە مەرجەکانی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا و رۆژئاوا لەسەر سوریا، پاراستنی کەمینەکان و دەرکردنی بیانییەکان بوو، بەڵام حکومەت پێچەوانەکەی کردووە و هێرشی کردووەتە سەر عەلەوی، دروز، مەسیحی و ئێستاش کوردەکان دەکاتە ئامانج، بۆیە پێویستە واشنتۆن هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئەو حکومەتە روون بکاتەوە کە کۆمەڵکوژی دژی گەلەکەی ئەنجام دەدات.

لە کۆتاییدا ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ گفتوگۆ و بەردەوامیی دانوستاندان، بەڵام دەبێت هێرشەکان رابگیرێن و پاراستنی خەڵک لە حەلەب و عەفرین مسۆگەر بکرێت، هەروەها برینەکانی شێخ مەقسود و عەفرین بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان چارەسەر بکرێن.