كەجەكە: هێرشەكانی حەلەب بۆ لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بووە
هادی
١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
كەجەكە دەڵێت، هێرشەكانی حەلەب بۆ لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا پێشێلكردنی ئاگربەست بووە.
هاوسەرۆكایەتی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە" راگەیەنراوێكی لەبارەی رەوشی سوریا بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، ئامانجی هێرشەكانی سەر حەلەب لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا و شكاندنی ئاگربەست بووە و ئەو هێرشانە بەشێكن لە زنجیرە هێرشێك دژی دەستكەوتەكانی كورد لە هەموو ئەو وڵاتانەی كورد تێیدا دەژین.
راشیگەیاندووە، بە ئامانجگرتنی گەڕەكەكان دوای رێككەوتنی دیمەشق دەرخەری ئەو راستییەن، كە رەزامەندی ئەمریكا و هێزە نێودەوڵەتییەكان وەرگیراوە.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئەو هێرشانە بۆ سەر گەڕەكە كوردییەكان، هێرشكردنە بۆسەر تەڤگەری ئازادیی و هەوڵدانە بۆ پەكخستنی ئاگربەست كە بە وردی جێبەجێكراوە.
كەجەكە جەختیشیكردووەتەوە، بەرپرسیارێتی خۆیان لە پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیدا جێبەجێكردووە، داوا لە لێپرسراوانی ئاكەپە و مەهەپەش دەكات، هەنگاوی پێویست بنێن بۆ سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی و ئەو سیاسەتانە رابگرن كە پرۆسەكە لەناودەبەن.



