ئێران: سوپرایزمان بۆ دوژمنان هەیە و لە هەر شوێنێكی جیهان بن دەیانكەینە ئامانج
راهۆز
١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران هۆشداری توند دەداتە ئەو وڵاتانەی هەڕەشەی هێرشی سەربازی دەكەن و رایدەگەیەنێت، هەر وڵاتێك خاكەكەی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكاربهێنرێت، دەبێتە ئامانجی رەوای ئەوان.
وەزیری بەرگریی ئێران رایگەیاند، "سوپرایزیان" هەیە بۆ روبەڕوبونەوەی هەڕەشەكان و هێرشبەران بەو هۆیەوە توشی ئازار و مەینەتیی گەورە دەبن.
نەسیرزادە هۆشداریدا بەو لایەنانەی بە بیانووی جۆراوجۆر هەڕەشەی هێرشی سەربازی دەكەن و وتی: "ئەگەر هەر هەڵەیەك بكەن و دەستدرێژی بكەنە سەر بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەمان، ئێمەش سەرجەم بەرژەوەندییەكانیان لە هەر شوێنێكی جیهان بێت دەكەینە ئامانج".
سەبارەت بە هاوكاریكردنی هێرشبەران، وەزیری بەرگریی ئێران وتی: "هەر وڵاتێك كارئاسانی بۆ هێرش كردنە سەر ئێران بكات، یان بنكەكانی بخاتە خزمەت هێرشبەران، دەبێتە ئامانجێكی رەوا بۆ ئێمە".
ئاماژەی بەوەشدا، دەبێت ئەو سیاسەتمەدارانەی "كورتبینن" و هەڕەشە لە ئێران دەكەن، گەورەیی گەلی ئێران ببینن و لەوە تێبگەن كە هێزی سەرەكیی وڵاتەكە لە گەلەكەیدایە.



