ئیلهام ئەحمەد: تاوانی جەنگ بەرانبەر كورد لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە دەكرێت
١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
ئیلهام ئەحمەد، سیاسەتمەداری کورد، داوا لەو وڵاتانە دەكات كە پاڵپشتی دارایی هەندێك كەناڵی عەرەبی دەكەن، پێداچوونەوە بە سیاسەتی راگەیاندنیاندا بكەن بەرامبەر بە دۆسیەی سوریا و دەڵێت، ئەو كەناڵانە هانی کوشتنی پێکهاتەکان دەدەن.
لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، ئیلهام ئەحمەد داوایكردووە لێكۆڵینەوە لەو راپۆرتانە بكرێت كە ئەو كەناڵانە لەسەر دۆسیەی پێكهاتەكان بڵاویدەكەنەوە، چونكە راستییەكان دەشێوێنن و سورییەكان دژی یەكتر هان دەدەن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، قۆرخكردنی چەك لە دەستی دەوڵەتدا، ئەو مافە بە دەوڵەت نادات توندوتیژی و ترساندن دژی گەل و كۆمەڵگە بەكاربهێنێت و یاساكانی مافی مرۆڤ پێشێل بكات.
سەبارەت بە دۆخی حەلەب، ئیلهام ئەحمەد دەڵێت، ئەو تاوان و پێشێلكارییانەی بەرانبەر كورد لە گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ئەنجام دەدرێن، دەچنە خانەی تاوانی جەنگەوە.
رونیشیکردۆتەوە، رفاندنی گەنجان و کوشتنیان، دزی و تاڵانكردنی ماڵی مەدەنییەکان و شێواندنی تەرمی قوربانییەكان بەردەوامە، بۆیە داوا لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ و لێبوردنی نێودەوڵەتی دەكات بەپەلە دەستوەردان بكەن و بەدواداچوون بۆ دۆسیەی رفێندراوان و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی ئەو دوو گەڕەكە بكەن.



