ئیدارەی خۆسەر راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە  و داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ و مرۆییەکان دەکەن، کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و چاودێری بارودۆخی مرۆیی و ئەمنی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردیەکان ئامانج لێی گۆڕینی دیموگرافییە و داوا لە دانیشتوانی گەڕەکەکوردنشینەکان دەکەن بمێننە و ئەو کەسانەی ئاوارەش بوون بگەڕێنەوە بۆشوێنی مانەوەیان.

ئیدارەی خۆسەر دەڵێت؛ دەسەڵاتێک کە بانگەشەی بەرزڕاگرتنی ئیسلام دەکات، لە هەمان کاتدا جەستەی مرۆڤەکان پارچە پارچە دەکات و کۆمەڵگەکان زەلیل دەکات و تاوانی جەنگی بە ئاشکرا ئەنجام دەدات، هەر دەسەڵاتێک پشت بە دەوڵەتێکی تر ببەستێت دژی گەلەکەی خۆی، شەرعیەتی خۆی لەدەست دەدات، بەبێ گوێدانە پاڵپشتی نێودەوڵەتی، چونکە خەڵک بەتەنها سەرچاوەی شەرعیەتن.

هەروەها ئاماژەیان بەوەکردوە، لەبەر رۆشنایی ئەو پراکتیزە و پێشێلکارییە جددیانەی لە چەند رۆژی رابردوودا رویانداوە، داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ و مرۆییەکان دەکەین کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و چاودێری بارودۆخی مرۆیی و ئەمنی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بکەن.

ئیدارەی خۆسەر جەختیکردوەتەوە دەستبەسەرداگرتنی ئەو دوو گەڕەکە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگرییەوە ناکرێت بە سەرکەوتن وەسف بکرێت، بەڵکو کردەوەیەکی خیانەت و تاوانێکی قورسە، کە دەسەڵاتێک ئەنجامی دەدات کە بانگەشەی نوێنەرایەتی دەوڵەت دەکات و لە هەمان کاتدا هاووڵاتیانی خۆی دەکوژێت و کەرامەتیان پێشێل دەکات.