ئاگربەستی كاتی لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە راگەیەندرا
١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ئاگربەستی كاتی راگەیەنرا و ئاسایشی ناوخۆی حەلەبیش دەڵێت، ، چەكدارانی سوریا دەیان گەنجی مەدەنیان دەستگیركردووە.
ئەنجومەنی گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەگەڵ حكومەتی كاتی سوریا گەیشتوونەتە رێككەوتن لەسەر ئاگربەستێكی كاتی لە ناوچە گەمارۆدراوەكانی حەلەب، كە ئامانج لێی بردنە دەرەوەی بریندارانی شەڕەكە لە نەخۆشخانەی شەهید خالید لە شێخ مەقسود.
هاوكات، ئاسایشی ناوخۆی حەلەب رایگەیاندووە، بەكرێگیراوانی حكومەتی كاتی سوریا دەیان گەنجی مەدەنیان لە گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بە زۆرەملێ لە خێزانەكانیان جیاكردووەتەوە و دەستگیریان كردوون، دواتریش لەدوای بردنە دەرەوەیان لەو دوو گەڕەكە بۆ میدیا وایان نیشانداوە ئەو گەنجانە لە ریزی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆن،.
ئەوەشی خستووەتەڕو، ئەو رەوشتە تاوانكارییە ئاشكرایە گوزارشت لە رێبازێكی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەكات بۆ ساختەكردنی راستیەكان و رفاندنی هاوڵاتیانی مەدەنی، ئاسایشی ناوخۆ سەلامەتی گیانی ئەو گەنجە رفێندراوانەش دەخاتە ئەستۆی حكومەتی كاتی سوریا و گروپە چەكدارەكان و داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆی بەرانبەر ئەو پێشلكارییانە بگرێتەبەر.



