تۆم باراک: ئامادەین ئاسانکاری بۆ دیالۆگ بکەین لەنێوان سوریا و هەسەدە
محەمەد رزگار
١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
تۆم باراک لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە دیمەشق کۆبووەوە و دوایین پێشهاتەکانی حەلەبیان تاوتوێکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند، واشنتۆن ئامادەیە ئاسانکاری بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات بکات.
وتیشی، شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دوایەی حەلەب مەترسی لەسەر رێککەوتنی 10ـی ئادار دروست دەکات، ئەمەش نیگەرانییەکی گەورەیی لێکەوتووەتەوە.
باراک ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان دیالۆگێکی بنیاتنەرەیان دەوێت کە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە تێکەڵ بە حکومەتی سوریا بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا ئاشکرایکرد، هەسەدە لە شەڕی دژی تیرۆردا قوربانیی زۆری داوە و دەبێت بە رێز و شکۆوە مامەڵە لەگەڵ کورد بکرێت.




