هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شێخ مەقسود بە توندی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە باس لە بوونی تونێل دەکەن لەژێر نەخۆشخانەی "خالید فەجر" و داوای لیژنەی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ ئاشکرکردنی راستییەکان.

ناوەندی راگەیاندنی ئاسایشی شێخ مەقسود لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی میلیشیاکانی حکومەتی دیمەشق دەداتەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن "تونێل لەژێر نەخۆشخانەکەدا هەیە و شەڕی تێدا دەکرێت". ئاسایش جەخت دەکاتەوە کە ئەو قسانە دوورن لە راستییەوە و تەنها هەوڵێکە بۆ شێواندنی دۆخەکە.

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، میلیشیاکان دەیانەوێت بەم پاساوانە شەرعیەت بدەن بەو تاوانانەی بەرانبەر برینداران، ژنان و منداڵانی ناو نەخۆشخانەکە ئەنجامی دەدەن و دەیانەوێت لە لێپرسینەوەی ئەو هێرشە دڕندانەیە هەڵبێن کە ماوەی پێنج رۆژە بەردەوامە.

لەو چوارچێوەیەدا، ئاسایشی شێخ مەقسود داوا لە لیژنە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ و لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکات، سەردانی نەخۆشخانەکە بکەن و لە نزیکەوە دۆخەکە ببینن بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بۆ جیهان ئاشکرا بێت.