شێخ مەقسود و ئەشرەفییە؛ چیرۆکی چارەکە سەدەیەک لە خۆڕاگری و ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانەکان
راهۆز
١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، دوو گەڕەکی گەورەی شاری حەلەبن، کە لە ساڵی 2001ـەوە تا ئێستا بە خۆڕاگری و بەرگرییان دژی هێرش و ستەمەکان ناسراون، وەک ئەوەی لە ساڵانی 2004، 2025 و ئێستاش لە 2026 دەیبینین. ئەمڕۆ جارێکی دیکە لەژێر هەڕەشەی هێرشی حکومەتی کاتیی سوریا و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیادان و بوونەتەوە بە سەردێڕی یەکەمی تەواوی هەواڵەکان. لێرەدا چیرۆکی ئەو مێژووە بەرگریکارانە و ئەو دوو گەڕەکە دەگێڕینەوە.
حەلەب؛ تابلۆیەک لە رەنگ و پێکهاتەی جیاواز:
حەلەب یەکێکە لە شارە دێرینەکان کە ژیان تێیدا بەردەوامە، وەک تابلۆیەکی نەتەوەیی، ئایینی و کولتوری دەبینرێت و سەدان ساڵە ناوەندێکی گرنگی ئابوریی سوریایە.
لەناو ئەم شارەدا، شێخ مەقسود و ئەشرەفییە پێگەیەکی تایبەتیان هەیە. بەپێی ئاماری ساڵی 2010 نزیکەی 800 هەزار کەسی تێدا ژیاوە، زۆرینەیان کوردن بەڵام عەرەب، تورکمان و ئەرمەنیشی تێدایە. شێخ مەقسود لەسەر گردێکی ستراتیژییە کە بەسەر زۆربەی شاری حەلەبدا دەڕوانێت، بۆیە لە ساڵانی سەرەتای قەیرانی سوریاوە هەموو هێزەکان هەوڵی کۆنترۆڵکردنیان داوە، بەڵام وەک هەمیشە و تا ئێستا. 10/1/2026تەنها شکستیان بۆ ماوەتەوە، شکستێک بە تامی کۆبانێ و داستانەکانی تری رۆژئاوا.
سەرەتای جوڵەکان (2001-2010)
چیرۆکی بەرگریی ئەم دوو گەڕەکە لە ساڵی 2001ـەوە دەستپێدەکات. لە 15ی شوباتی 2001، بۆ یەکەمجار لە ژێر دەسەڵاتی بەعسدا، دانیشتوانی شێخ مەقسود دژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی سەربە عەبدوڵا ئۆجەلان رژانە سەر شەقام و بەرەو شەقامی 20 رۆیشتن. ئەمە بوێرییەکی کەم وێنە بوو، کە بەهۆیەوە هەواڵگریی سوریا و هێزە ئەمنییەکان بە توندی وەڵامی خەڵکیان دایەوە و دەیان گەنجیان دەستگیرکرد و ئەشکەنجەیان دان، ئەمەش بووە سەرەتای بەرخودانێکی مێژووی کوردان، دژ بە نادادی و یەکسانی.
راپەڕینی 2004:
دوای ئەوەی رژێمی بەعس لە 12ـی ئازاری 2004 کۆمەڵکوژییەکەی قامیشلۆی ئەنجامدا، دانیشتوانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەش وەڵامی بانگەوازی ڕاپەڕینیان دایەوە. هێزەکانی حکومەت هەردوو گەڕەکەکەیان گەمارۆ دا و قەدەغەی هاتووچۆیان سەپاند.
لە 16ی ئازاردا، لە ناوچەی "سێگۆشە"ی ئەشرەفییە هێزەکانی حکومەت بە گولـلەی راستەقینە تەقەیان لە مانگرتووان کرد، لە ئەنجامدا دوو گەنج بەناوەکانی (ئاری فەوز و جەلال ئیبراهیم) و ژنێک بەناوی (فەریدە ئەحمەد) شەهید بوون. خەڵک بە بەرد وەڵامیان دایەوە و ئەفسەرێکی پۆلیس کوژرا. لە 20ی ئازاری 2004دا بە هەزاران کەس رژانە سەر شەقامەکان و نەورۆزیان پیرۆز کرد، بەمەش هێزەکانی حکومەت ناچار بە پاشەکشە کران.
سەرەتای شۆڕش و هاتنە ئارای دۆخێکی نوێ:
ساڵی 2011، سوریا پێینایە قۆناغێکی نوێوە. هەرچەندە حەلەب درەنگ بەشداری لە خۆپیشاندانەکان کرد، بەڵام شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە پێشەنگەکان بوون، ژن و پیاو، گەنج و منداڵ، لە پێش هەمووانەوە دروشمیان دەوتەوە. لە ئەیلولی 2011 "ناوەندی رۆشنبیری و هونەری دیموکرات" کرایەوە، کە یەکەم دامەزراوەی کوردی بوو یاسای باری نائاسایی پوچەڵکردەوە. دواتر لە تشرینی یەکەمدا هەڵبژاردن کرا و ئەنجومەنی گەل بە سەرۆکایەتی "سینەم محەمەد" دامەزرا.
قۆناغی بەرگریی رەوا:
لە 14ـی کانونی دووەمی 2012، خەبات دێرک، یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەپەگە لە نەخۆشخانەی ئەشرەفییە شەهید بوو. رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بوو بە خۆپیشاندانێکی گەورە. رژێم میلیشیاکانی "شەبیحە"ی بەردایە گیانی خەڵک. لە 10ی ئازاری 2012، گوڵێ سەلمۆ لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە شەهید کرا. دوای ئەم رووداوە گەڕەکەکان لە شەبیحە پاککرانەوە و لە تەمموزی 2012دا لیوای شەهیدانی ئەشرەفییە و لیوای بەرگریی شێخ مەقسود دامەزران.
ساڵانی ئاگر و گەمارۆ (2013-2016):
ساڵی 2013 ساڵێکی سەخت بوو. گەڕەکەکان رووبەڕووی هێرشی دوولایەنە بوونەوە. لە نیسانی 2013 رژێم بە چەکی کیمیایی هێرشی کرد و ژمارەیەک هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون. هاوکات گروپە چەکدارەکانی وەک "لیوای خالید حەیانی" دەستیان بە رفاندن و ئەشکەنجەی خەڵک کرد.
لە ساڵی 2016دا گەمارۆکان توندتر بوون. گروپەکانی وەک "جەیش ئیسلام" بە چەکی کیمیایی هێرشیان کردەوە و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پشتڕاستی کردەوە کە دەیان مەدەنی و منداڵ شەهید بوون. دواجار لە تشرینی دووەمی 2016 بە رزگارکردنی 6 گەڕەکی دیکە، گەمارۆکە شکێنرا.
لە روخانی بەعسەوە بۆ گەمارۆی 2026:
دوای گۆڕانکارییە گەورەکانی کۆتایی 2024 و ڕووخانی رژێمی بەعس لە کانونی یەکەمدا، قۆناغێکی نوێ دەستیپێکرد. شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ئاسایشی خۆیان پاراست، رێگەیان نەدا داگیربکرێن و ناوچەکانی خۆیان پاراست.
لە 10ی ئازاری 2025، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتی رێککەوتنێکیان ئیمزا کرد. بەپێی رێککەوتنەکە، کە لە 1ی نیسانی 2025 بۆ ئەم دوو گەڕەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکەکان مانەوە و هەسەدە چەکە قورسەکانی کشاندەوە.
هێرشەکەی کانون (2026):
سەرەڕای رێککەوتنەکان، هێرش و هەڕەشەکان کۆتاییان نەهات. لە 6ی کانونی دووەمی 2026، گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی بە پاڵپشتی راستەوخۆی تورکیا، بە تانک و درۆن و چەکی قورس هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکان.
لە ئەنجامی بۆردومانەکاندا، هەردوو نەخۆشخانەی عوسمان و شەهید خالید فەجر لەکارکەوتن. تا ئێستا 25 هاووڵاتی شەهید بوون و زیاتر لە 100ی دیکەش بریندارن.
لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، ئەنجومەنی گەلی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە 9ی کانونی دووەمی 2026 سەفەربەری گشتی راگەیاند و جەختیان کردەوە کە بەرگری لە گەڕەکەکانیان دەکەن. ئێستاش شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە کوردستان و جیهان دژی ئەو هێرشانە دروست بووە.
لە دواهەمین پێشهاتەکانیشدا، لە پاش گەمارۆدانی بەردەوامی هەردوو گەڕەکەکە و هێرشکردنی فراوانی سوپاکەی ئەحمەد شەرع، لە ئێستادا لە گەڕەکی شێخ مەقسود شەڕی کۆڵان بە کۆڵان بەڕێوە دەچێت و چەند شەڕڤانێک چالاکی فیداییان دژ بە ئەو هێزە ئەنجامدا.



