عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هۆشداریدەدات لەوەی وڵاتەکەی لە دڵی جەنگدایە و جوڵەی خۆپیشاندەران بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەک، هەوڵێکە بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ.

لاریجانی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە دۆخێکی وەک ئێستادا کە وڵات لە جەنگدایە، دروستکردنی قەیرانی نوێ لۆژیکی نییە. روونیشیکردەوە، هێرشکردنە سەر بنکە سەربازی و ئەمنییەکان بە مەبەستی دەستکەوتنی چەک، نیشانەی مەترسیدارن و ئاماژەن بۆ هەوڵدان بۆ دروستکردنی شەڕی ناوخۆ.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران جەختی کردەوە کە دەزگا ئەمنییەکان و دادوەری "بەبێ چاوپۆشی" و بە توندی مامەڵە لەگەڵ هەر گروپێکی چەکدار دەکەن کە هەڕەشە لە ژیانی هاووڵاتیان و دامەزراوە حکومییەکان بکەن. هەرچەندە لاریجانی دانیناوە بە بوونی کێشەی ئابوری لە وڵاتەکەدا، بەڵام دەڵێت چارەسەر لە ئاژاوە و تێکدانی ئاسایشدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، ئەمریکا و ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی خۆپیشاندانە ئاشتیانەکانی ئێرانیان بەرەو "توندوتیژی و کاری تێکدەرانە" ئاڕاستە کردووە و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکە دەکەن.