هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب رەتیدەکەنەوە سوپای سوریا دەستی بەسەر بەشێکی زۆری گەڕەکی شێخ مەقسوددا گرتبێت و رایدەگەیەنن، ئەوەی باسی لێوە دەکرێت "چەواشەکارییە" و تەنها بۆ داپۆشینی شکست و تاوانەکانە.

ناوەندی راگەیاندنی ئاسایشی حەلەب لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی وەزارەتی بەرگری سوریای دایەوە کە بانگەشەی کۆنتڕۆڵکردنی 90%ـی گەڕەکی شێخ مەقسودی کردبوو، ئاسایش دەڵێت: "ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە، لەسەر زەوی شەڕێکی سەختی کۆڵان بە کۆڵان لەگەڵ میلیشیاکانی حکومەتی دیمەشق بەردەوامە و زیانێکی گەورەیان پێگەیشتووە."

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوتەریب لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەکاندا، بۆردومانێکی چڕ بە تۆپ و تانک بۆ سەر گەڕەکەکە دەستیپێکردووە و بەشێوەیەکی سیستماتیک ژێرخانی ناوچەکە و نەخۆشخانەکان دەکرێنە ئامانج، کە مەبەست لێی بڵاوکردنەوەی ترسە لەنێو دانیشتواندا.