هێرشەكانی سەر شێخ مەقسود و ئەشرەفییە هەشت شەهید و 55 برینداری لێكەوتوەتەوە
٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
هێرشەكان بۆ سەر گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بەردەوامە و تا ئێستا هەشت كەس شەهیدبووە و لە باكور و رۆژئاوای كوردستان خۆپیشاندانی پشتیوانیی بۆ كورد بەڕێوچوو و بڕیارە ئەمڕۆش چالاكی و گردبوەنەوە لە فەرەنسا و سویسرا بەڕێوەبچێت.
دەستەی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب لە گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بڵاویكردەوە, پەلامار و هێرشی چەكدارانی سەر بە حكومەتی كاتی سوریا لە 48 سەعاتی رابردوودا هەشت شەهید و 55 برینداری لێكەوتوەتەوە چوار چەكداریش بەدیل گیراون و تەرمی شەش چەكداریش بەجێماون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم هەوڵ و پەلامارەكانی چەكدارانی سەر حكومەتی دیمەشقیان بۆ هاتنەناوەوەی گەڕەكانی گردی كاستێلۆ و گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە تێكشكێنراون و زیانی گەورەی مادییان بەركەوتوە.
هێزەكانی سوریای دیموكراتی هەسەدە بە راگەیەنراوێك داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكومەت سوریا كردوە كە گەمارۆی سەر ئەو دوو گەڕەكە كوردنشینەی حەلەب رابگرن، چونكە بە پێچەوانەوە رەوشەكە لێكەوتەی زۆر خراپی دەبێت و پەلدەكێشێت بۆ دروستبوونی جەنگێكی گشتگیر لە سوریا.
هێرشەكانی سەر ئەو دوو گەڕەكە كاردانەوەی لێكەوتەوە و شەوی رابردوو لە شارەكانی ئامەد و نسێبین لە باكوری كوردستان رێپێوان و خۆپیشاندانی پشتیوانی بۆ گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بەڕێوچوو.



