ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب رایدەگەیەنێت، هێرشێکی چەکدارانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بۆ سەر گردی کاستێلۆ تێکشکێنراوە و چەکدارەکان هەڵاتوون.

بەپێی راگەیەندراوەکە، سەعات 3:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، هێزەکانیان یەکەم هەوڵی دزەکردنیان بۆ سەر گردی کاستێلۆ تێکشکاندووە کە بە تانک ئەنجامدراوە. ئاماژە بەوەشکراوە، هێرشبەران زیانی گیانیی زۆریان بەرکەوتووە و هەڵاتوون، تەرمی کوژراوەکانیشیان لەدوای خۆیان جێهێشتووە.

هاوکات بۆردومانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە تۆپ و تانک بۆ سەر گەڕەکە ئارامەکان بەردەوامە، بەتایبەت لە ناوچەکانی (لێرامون، شیحان، سریان) و دەوروبەری، بەهۆیەوە دوو هاووڵاتی مەدەنی برینداربوون.

گردی کاستێلۆ؛ کلیلە سەربازییەکەی باکوری حەلەب


گردی کاستێلۆ ناوچەیەکی بەرزە دەکەوێتە باکوری شاری حەلەب. ئەم گردە بەسەر هەردوو گەڕەکی کوردنشینی (شێخ مەقسود و ئەشرەفییە) و ناوچەی پیشەسازیی شەقەیف و رێگای کاستێلۆدا دەڕوانێت.


لە رووی سەربازییەوە، هەر هێزێک کۆنترۆڵی ئەم گردە بکات، دەبێتە خاوەنی "باڵادەستیی ئاگرین"  واتە بەهۆی بەرزیی شوێنەکەوە دەتوانێت بە ئاسانی چاودێریی گەڕەکەکانی خوارەوە بکات و بە نیشانەشکێن و چەکی قورس هەر جوڵەیەک لەو گەڕەکانە بکاتە ئامانج، بەبێ ئەوەی پێویست بکات بچێتە ناو کۆڵانەکانەوە و بۆیە حکومەتی سوریا بەردەوام هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئەمگردە دەدات.


لەکاتی شەڕی ناوخۆی سوریادا (2012-2016)، رێگای کاستێلۆ تاکە شاڕێگە بوو کە بەشە ئازادکراوەکانی حەلەبی بە دەوروبەرەوە دەبەستەوە. بەهۆی ئەوەی گردەکە بەسەر رێگاکەدا دەڕوانێت، هەر هێزێک لەسەر گردەکە بوایە دەیتوانی رێگاکە ببڕێت. لەو کاتەدا بە "رێگای مەرگ" ناسرابوو، چونکە هەر ئۆتۆمبێلێک پێیدا تێپەڕیبایە دەکرایە ئامانج.


هەوڵی هێزەکانی حکومەتی سوریا بۆ گرتنی گردی کاستێلۆ بۆ دوو ئامانجە:

  • یەکەم: توندکردنی گەمارۆی سەر گەڕەکە کوردنشینەکان و بڕینی هەموو رێگایەکی هاتووچۆ و خۆراک.

  • دووەم: بۆردومانکردنی راستەوخۆی ناو ماڵ و کۆڵانەکانی شێخ مەقسود لە شوێنێکی بەرزەوە.

تێکشکاندنی هێرشەکە لەلایەن ئاسایشەوە، واتە رێگریکردن لە کەوتنی گەڕەکەکان بۆ ژێر رەحمەتی نیشانەشکێن و تانکەکانی حکومەت لەو شوێنە بەرزەوە.