سیبان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) پەیامێک ئاڕاستەی دانیشتووانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەو دوو گەڕەکە دەبنە قەڵای خۆڕاگری و شکست بە هەموو پیلانەکان دەهێنن.

لە پەیامێکدا سیبان حەمۆ ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ رۆژی کەرامەتە و هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بوونەتە هێمای بەرخودان، کە ماوەی 15 ساڵە دانیشتووانەکەی رووبەڕووی هەموو جۆرە هێرش و گەمارۆیەک بوونەتەوە.

سیبان حەمۆ دەڵێت: "بڕوامان بە هۆشیاریی نیشتمانیی دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە هەیە کە شانبەشانی شەڕڤانان بۆ پاراستنی کەرامەت و ئاسایش دەوەستنەوە، ئەم یەکڕیزییەش وادەکات دەستدرێژیکاران باجی هێرشەکانیان بدەن".

ئەندامەکەی فەرماندەیی گشتیی هەسەدە جەختیکردووەتەوە، شێخ مەقسود و ئەشرەفییە وەک قەڵای خۆڕاگری دەمێننەوە و تێکناشکێن، بەرخودانیش تا پاراستنی خاک و کەرامەتی خەڵکەکەی بەردەوام دەبێت.