تۆم باراك: دانوستانەكانی سوریا و ئیسرائیل پێشكەوتنی راستەقینەی بەخۆوە بینیوە
شنیار
٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
تۆم باراك، نێردەی ئەمریكا بۆ سوریا رایگەیاند، دانوستانەكانی نێوان لێپرسراوانی سوریا و ئیسرائیل پێشكەوتنی راستەقینەی بەخۆوە بینیوە .
تۆم باراك لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئای 24 نیوزی ئیسرائیلی رایگەیاندووە ، پێشكەوتنێكی بەرچاو لە دانوستانەكانی نێوان دیمەشق و تەلئەبیب هەیە ، ئەوەش دوای زنجیرەیەك كۆبونەوەی نێوان وەفدی هەردوولا لە پاریس كە بە نێوەندگیری ئەمریكا بەرێوەچوو .
هەروەها رایگەیاندوە، لەكۆبونەوەكاندا هەردوولا گەیشتونەتە رێككەوتن بۆ دروستكردنی میكانیزمێكی هاوبەش بۆ گۆرینەوەی زانیاری هەواڵگری كە وەك سەكۆیەك بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانیش بەكاردەهێنرێت
وتیشی: بەپێی ئەو میكانیزمە نوێنەرانی ئیسرائیل و سوریا و ئەمریكا پێكەوە كاردەكەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، هەردوولا بۆ جاری یەكەم لە مێژووی نوێدا بەدەر لەپرسی سەربازی گفتوگۆیان لەبارەی چەند پرسێكی دیكە كردووە وەك بواری پزیشكی و كشتوكاڵ و وزە .
لەلایەكی تریشەوە، سەرچاوەیەكی سوریی بە كەناڵی ئای 24 نیوزی راگەیاندوە ، مەرجی سوریا بۆ كردنەوەی نوسینگەیەكی پەیوەندی ئیسرائیلی لە دیمەشق ئەوەیە ، كە نوسینگەكە تایبەتمەندی دیپلۆماسی نەبێت .
ئەوە لەكاتێكدایە ، شەوی رابردوو، ئیسرائیل و سوریا گەیشتنیان بە رێككەوتنێكی ئەمنی و ئابوری راگەیاند .



