هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆكایەتی سعودیە چەند هێرشێكی بۆسەر جوداخوازەكانی یەمەن ئەنجامدا و لە شەوی رابردووشەوە سەرۆكی ئەنجومەنی راگوزەری باشور بۆ شوێنێكی نادیار هەڵهاتووە.

هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆكایەتی سعودیە رایگەیاند، زانیاریمان پێگەیشت لەبارەی جوداخوازان كە هێزی گەورە و تانك و چەكی جۆراوجۆریان جوڵاندووە، ئێمەش بۆ رێگریكردن لە فراوانتربوون و گواستنەوەی توندوتیژییەكان بەرەو ناوچەكانی تر، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند هێرشێكی سنوردار و پێشوەختەمان لە باشوری یەمەن ئەنجامدا.

ئاماژەی بەوەشكردووە، عیدروس زوبەیدی سەرۆكی ئەنجومەنی راگوزەری باشور كە بڕیاربوو ئەمڕۆ بەشداری كۆنفرانسەكەی ریاز بكات تایبەت بە چارەسەری پرسی باشوری یەمەن، بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵهاتووە.


هاوكات، ئەنجومەنی سەركردایەتی سەرۆكایەتی یەمەن، بە تۆمەتی ناپاكی مەزن ئەندامێتی زوبەیدی لە ئەنجومەنەكە هەڵوەشاندەوە و رەوانەی دادگای دەكات.