وردەکاریی هێرشی هێزەکانی حکومەتی سوریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و شەهیدبوونی چوار هاووڵاتی
٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
هێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوا بەدیلگرتنی ژمارەیەك چەكداری میلیشیاكانی سەر بە دیمەشقی لە حەلەب راگەیاند، هاوكات چوار هاووڵاتی شەهیدبوون و 30 كەسی دیكەش برینداربوون.
هێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوا لە حەلەب لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، لە ئەنجامی تۆپبارانی میلیشیاكانی سەر بە دیمەشق، دوو لە ئەندامانی هێزەكانیان بریندار بوون.
ئاماژەی بەوەش كردووە، ژمارەیەك چەكداری میلیشیاكانیان دەستگیر كردووە، هاوكات بە درۆنی خۆكوژی هێرشكراوەتە سەر گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەو لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهیدبوون و 30 كەسی دیكەش برینداربوون.
ئاسایشی رۆژئاوا ئاماژەی بەوەشكردووە كە هێزەكانی حكومەت دەستیان كردووە بە چۆڵكردنی زۆرەملێی ماڵە مەدەنییەكان لە گەڕەكی سەرەیان و هەوڵی چوونە ناو گەڕەكی شێخ مەقسوود دەدەن و تانك و هێزێكی زۆری سەربازییان لە ناوچەكە كۆكردووەتەوە
وەك ئەوەی ئاسایش ئاماژەی پێكردووە، حكومەت ئامادەكاری بۆ هێرشی زەمینی دەكات لە دەوروبەری شێخ مەقسوود بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی مەیدانی بچێتە ناو گەڕەكەكە و كۆتایی بە دەسەڵاتی ئاساییش بهێنێت لەو ناوچەیەدا.



