ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب: بەهۆی بۆردومانی گەڕەكە كوردنشینەكان سێ هاووڵاتی شەهیدبوون
محەمەد رزگار
٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا بەردەوامن لە بۆردومانکردن و گەمارۆدانی گەڕەکە کوردنشینەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە حەلەب، هێزەکانی ئاسایشی ناخۆش دەڵێت: بەردەوام دەبن لە پاراستنی هاووڵاتیان و وەڵامدانەوەی ئەو گروپانە.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە چوارچێوەی مافی رەوای پاراستنی هاووڵاتیان و ماڵ و موڵکیاندا، بەردەوام دەبن لە وەڵامدانەوەی هێرشی گروپەکانی حکومەتی کاتیی سوریا.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب رایگەیاند، ئەوان وەک هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ئاشکرایدەکەن، کە لە 24 سەعاتی رابردوودا، گروپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سوریا چەندین جار شێخ مەقسودیان کردووەتە ئامانج، لە ئەنجامدا سێ هاووڵاتی شەهید بوون و 26 کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها زیانێکی زۆر بە ماڵ و موڵکی هاووڵاتیان گەیشتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە چوارچێوەی مافی رەوای پاراستنی هاووڵاتیاندا، وەڵامێکی توندیان بۆ ئەم هێرشانە هەبووە و هێزەکانیان دوو خاڵی گروپە چەکدارەکانیان کردە ئامانج.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی نوێی ئاگربەستە و بەردەوامیی پێشێلکردنی رێککەوتنەکانی پێشووە، دەشڵێت؛ وەڵامدانەوەکانی ئەوان لە چوارچێوەی یاسا و مافی رەوای پاراستنی هاووڵاتیان و ماڵ و موڵکیاندا دەبێت، هەروەها داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەن رێز لە مافی هاووڵاتیان بگرن و ناوچە نیشتەجێبوونەکان نەکەنە ئامانج.



