بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی خۆسەر بۆردومانی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب لەلایەن هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا ئیدانە دەکات و رایدەگەیەنێت: ئەو هێرشانە پێشێلکارییەکی ئاشکرایە و هاووڵاتیانی مەدەنی بە ئامانج دەگرن.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا راگەیەنراوێکی لەبارەی بۆردومانکردنی گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئیدانەی توندی ئە بۆردومانانە دەکەن کە خراوەتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێرشانە پێشێلکاریی راستەوخۆیە و هاووڵاتیانی مەدەنی بە ئامانج دەگیرێت، کە بەهۆیەوە چەند هاووڵاتییەک شەهید و برینداربوون، ئەمەش پێشلکارییەکی روونی هەموو یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکانە، کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاسایش و مافی ژیانکردنی لەو ناوچانە هەیە.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر راشیگەیاند، ئەم رەفتارە نابەرپرسانە تەنها هێزە نیشتمانییەکانی سوریا پەرتەوازەتر دەکات، و بە روونی نیشانی دەدات کە حکومەتی سوریا جددی نییە لە هەوڵەکانی بۆ یەکخستنی گەلی سوریا و دروستکردنی دەوڵەتێکی دیموکراتی، کە تێیدا هەموو هاووڵاتیان لە ماف و ئەرکەکاندا یەکسان بن، بەبێ جیاوازی و دوورخستنەوە.

جەختیش دەکاتەوە، بەردەوامی گەمارۆ و پێشێلکارییەکان، لەگەڵ زیادەڕەوی و توندوتیژی نایاسایی و بێ پاساو، رێگری دەکات لە هەر هەوڵێکی راستەقینە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان سورییەکان، هەروەها فاکتەرێکی سەرەکییە لە شکستهێنان بە گەیشتن بە چارەسەری سیاسی گشتگیر و بەردەوام بۆ قەیرانی سوریا، و رەوشی ناسەقامگیری و دووبەرەکی زیاتر دەکات.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا هۆشداری دەدات، لە بەردەوامبوونی ئەم جۆرە هێرشە زیادەڕۆییە ئەنجامی خراپی دەبێت و کاریگەریی لەسەر هەموو سوریا دەبێت، چونکە مەترسی فراوانکردنی بازنەی توندوتیژی و قوڵکردنەوەی درز لەنێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریا لەخۆ دەگرێت.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دەشڵێت؛ داوا دەکەین دەستبەجێی گەمارۆ و هێرش و پێشێلکارییەکان، و لێپرسینەوە لە بەرپرسانیان بکرێت، هەروەها لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە کێشەکان چارەسەر بکرێت.